سەرەکی گەشت بۆ فەرەنسا کورتەیەک لەسەر فەرەنسا

Alternate Text

هەواڵنامەی مانگانە

بەشداری بکە لە لیستی ئیمەیڵەکانمان بۆ وەرگرتنی نوێکردنەوە ئاساییەکان لەسەر

"ئەو وردەکاریانەی کە دەیدەیت تەنها لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەپێی سیاسەتی پاراستنی داتای ئێمە دەپارێزرێت و لەگەڵ هیچ لایەنێکی سێیەمدا هاوبەشی ناکرێت"

کورتەیەک لەسەر فەرەنسا

جوگرافیا
فەرەنسا گەورەترین بەشی دەکەوێتە قارەی ئەوروپاوە، ڕووبەری خاکەکەی لە ناوچەی مێترۆپۆلیتان (٥٥١٦٩٥ کم دووجایە) وە لە هەرێمەکانی دەرەوەی (٦٧٥٤١٧ کم دووجایە). لە ڕووی پانتاییەوە فەرەنسا بە سێیەم گەورەترین ووڵاتی ئەوروپایە. فەرەنسا لە بەشی مێترۆپۆلیتان پێنج کەناری دەریای هەیە؛ دەریای باکور: کە گرێی دەدات بە شەش وڵاتی دیکەی ئەوروپییەوە (بەلجیکا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، دانیمارک، نەرویج، بەڕیتانیا)،  نۆکەندی ئینگلیز : گرێی دەدات بە بەڕیتانیاوە، دەریای ئۆرواز: دەکەوێتە ڕۆژئاوای باکوری فەرەنسا، زەریای ئەتڵەسی : گرێی دەدات بە قارەکانی ئەمریکای باکور و باشور، ئەفریقا، ئەوروپا، دەریای ناوەڕاست (دەریای ناوین) : فەرەنسا لە باشورەوە دەکەوێتە سەر دەریای ناوین هەروەها گرێی دەدات بە بیست و چوار هەرێم و وڵاتی ئەوروپی و ئەفریقی و ئاسیایی. لەگەل یانزدە دەوڵەت سنوری ووشکانی هەیە. 
زنجیرە شاخەکانی ژورا(Jura)، ئالپ(Alpes)، پیرێنێ(Pyrénées) تایبەتمەندییەکی تری وڵاتی فەرەنسایە. یەکێک لە گرنگترین ڕووبارەکانی ئەوروپا بە نێو خاکی فەرەنسادا تێ دەپەڕێت بە ناوی راین(Rhin)  کە بە بڕبڕەی پشتی ئەوروپا دەناسرێت. 
فەرەنسا بە بەشی مێترۆپۆلیتان و هەرێمەکانی دەرەوەی لە دەریا لە هەژدە هەرێم پێکدێت، شارە گەورەکانی لە ڕووی چڕی دانیشتوانەوە بریتین لە پاریس(Paris)، مارسیلیا (Marseille)، لیۆن(Lyon).


کولتور و هونەر

ئەدەب و نوسین (La littérature française) : 

نمونەی وێژە و نوسین و هزری فەرەنسی لە مێژووەوە هەتاوەکو ئێستا گرنگی خۆی هەیە بە درێژایی سەدەکان خۆی تۆمار دەکات :

لو سید (Le Cid) : شانۆگەرییەکی تراژیدییە لەلایەن پییەخ کۆرنەی (Pierre Corneille) نوسراوە لە ساڵی ١٦٣٧. تایبەتمەندی ئەم شانۆگەرییە ئەوەیە کە بە بەیت نوسراوە، باس لە نەهامەتییەکانی کەسایەتییەک بە ناوی ڕۆدریگ دەکات کە تەقەلاو کێشمەکێشمیەتی لە نێوان خۆشەویستەکەی و کارەکەیدا. 
شازادەی کلێڤس (La Princesse de Clèves) : ڕۆمانێکی ئەفسانەیی مێژووییە لە لایەن ماری مادلێن پیۆش دو لا ڤێغن (Marie-Madeleine Pioche de La Vergne) نوسراوە، ئەم ژنە ڕۆماننوسە ناسراوە بە مەدام دو لا فایێت(Madame de la Fayette)، ڕۆمانەکە لە ساڵی ١٦٧٨ بۆ یەکەم جار دەرکەوتووە. باس لە چیرۆکێکی خۆشەویستی و دڵتەزێن دەکات. 
لو پێخ گۆغیۆ (Le Père Goriot) : ڕۆمانێکی ئەفسانەیی بەلزاک(Balzac) ە لە ساڵی ١٨٣٥ نوسراوە، باس لە لاوێکی بەشە ناوخۆییەکان دەکات کە خواستی هەنگاوی زۆری هەیە لە کۆمەڵگادا.
لێ فلۆخ دوو مال (Les fleurs du mal) : هۆنراوەیەکی سۆزدارییە لەلایەن شارل بۆدلێر(Charles Baudelaire) نوسراوە لە ساڵی ١٨٥٧، کە وەک سەرەتایەک بۆ هۆنراوەی مۆدێرن هەژماردەکرێت

زۆر بەرهەمی تری وەک میزێرابڵ(Les Misérables)ی  ڤیکتۆر هۆگۆ(Victor Hugo) و نانا(Nana)ی ئەمیل زۆلا(Émile Zola)، ئە لا غوشێخش دوو تۆن پێغدیوو(À la recherche du temps perdu)ی مارسێل پروست(Marcel Proust)، ڕۆمانی لێتخەنژێ(L’Étranger)ی ئەلبێرت کامیوو(Albert Camus)، ڕۆمانی مێمواخ دەدغیان(Mémoires d’Hadrien)ی مارگرێت یۆغسۆنا(Marguerite Yourcenar)، مێمواغ دوین ژۆن فی غانژێ (Mémoires d’une jeune fille rangée)ی سیمۆن دوبوڤوار(Simone de Beauvoir)، بەشێکی تری نوسین و وێژەی فەرەنسین. 

شوێنەوارە مێژوویەکان :
کاتێدڕاڵی نۆتردام لە پاریس (Cathédrale Notre-Dame de Paris )، لەسەر شێوازی گۆتیک دروستکراوە، نزیکەی دوو سەدە کار لە دروستکردنیدا کراوە (١١٦٣-١٣٤٥)، ساڵانە نزیکەی دوانزدە ملیۆن سەردانکەری هەیە، بە یەکەم شوێنەوار دادەنرێت لە فەرەنسادا لە ڕێژەی گەشتیار و سەردانکەر.
تاوەری ئیفڵ (Tour Eiffel)، لە ساڵی (١٨٨٩) لەلایەن گوستاڤ ئیفل دروست دەکرێت. بەرزیەکەی (٣٢٤م) سێ سەد و بیست و چوار مەترە، ساڵانە نزیکەی حەوت ملیۆن سەردانکەری هەیە. 
لاخک دو تخیۆمف (L’Arc de Triomphe)، سی (٣٠) ساڵ ماوەی دروستکردنی بووە (١٨٠٦-١٨٣٦)، سی (٣٠) مەتر بەرزە، دەکەوێتە ناوەڕاستی سەرای شارل دو گۆل هەروەها سەرای ئێتوالیشی پێ دەوترێت. 
کۆشکی ڤێرسای و باخچەکانی (Le château de Versailles et ses jardins) : شێوەتەلارسازی باڕۆکە، پانتاییەکەی (٨.١٥ کلم)ە، شوێنی نیشتەجێبوونی پاشاکانی فەڕەنسا (لویسی چواردە، لویسی پانزدە، لویسی شانزدە) بووە لە نێوان ساڵانی ١٦٨٢ بۆ ١٧٨٩. ساڵانە نزیکەی حەوت ملیۆن سەردانکەری هەیە.  
ئابێی مۆنت سانت میشێل لە نۆرماندی (Abbaye du Mont-Saint-Michel - Normandie) : شێوەتەلارسازی گۆتیک و ڕۆمان، هەر لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە شوێنگەیەکی گرنگ بووە یەکەم دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حەوت سەدەکانی زاینی. 
مۆزەخانە :
 تەنها لە پاریس نزیکەی دوو سەد مۆزەخانە هەیە، مۆزەخانەی لۆڤەر (musée du Louvre) گەورەترینیەتی. 

مۆزەخانەی لۆڤەر (musée du Louvre) : مێژووی  دروستکردنی کۆشکی لۆڤەر وەک شوێنگەی پاشاکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١١٩٠) بەڵام لە ساڵی (١٧٨٣) وەکو مۆزەخانە دەکرێتەوە. مێژووی دروستکردنی هەڕەمە شوشەکەی بەردەم لۆڤەر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٨٥-١٩٨٩) کە لەسەر داواکاری سەرۆکی ئەکاتەی فەرەنسا فڕانسوا میتێران دروست دەکرێت. نزیکەی (٣٥٠٠٠) سی و پێنج هەزار بەرهەمی هونەری سەدەی چواردە هەتاوەکو سەرەتای سەدەی نۆزدەی تێدایە. ساڵانە نزیکە دە ملیۆن سەردانکەری هەیە. 
مۆزەخانەی ئۆرسەی (musée d’Orsay) : لە ساڵی (١٩٨٦) وەک مۆزەخانە دەکرێتەوە، مێژووی دروستکردنی وەک گەراج دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی (١٨٩٨-١٩٠٠). نزیکەی چوار هەزار بەرهەمی هونەری سەدەی نۆزدە بۆ سەرەتای سەدەی بیستی  تێدایە. 
سەنتەری جۆرج پۆمپیدوو (centre Georges-Pompidou) : ناسراو بە سەنتەری بووبورغ (centre Beaubourg)، مێژووی کردنەوەی وەک مۆزەخانەی هونەری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٧٧)، هونەری سەردەمی مۆدێرنی تێدایە، هونەری سەدەی بیست، هەروەها ئەڤانگاردیستەکانی سەدەی بیست، لەهەمان کاتدا هۆڵی نمایشی هەیە بۆ هونەری هاوچەرخ و ئێستا. لەسەر داواکاری سەرۆکی ئەوکاتەی فەرەنسا جۆرج پۆمپیدوو دروست دەکرێت، لە پاریس و شاری مێتز هەیە. 

مۆد و فاشیۆن :
لوی ڤیتۆن (LV) : مارکەی ئێل ڤی لە ساڵی ١٨٥٤ دروست بووە لەلایەن لوی ڤیتۆن(Louis Vuitton)ەوە. یەکێکە لە مارکەکانی بەرهەمە جیاوازەکان لە چەرم. لە ساڵانی ٢٠٠٠ ەوە کەل و پەلەکانی لوی ڤیتۆن بە بەنرخترین براندەکانی لوکس لە جیهاندا دەستنیسان کراوە.
شانێل (CHANEL) : لە ساڵی ١٩١٠ لەلایەن کۆکۆ شانێل (Coco Chanel) ەوە دروستبووە. یەکێکە لە مارکەکانی بەرهەمهێنانی جل و بەرگ و ئەکسەسوار و بۆن و کەل وپەلی جۆراوجۆری لوکس. 
یڤ سانت لۆغان (YSL) : لە ساڵی ١٩٦١ لەلایەن پییەخ بێغژێ(Pierre Bergé) و یڤ سانت لۆران (Yves Saint Laurent) دادەمەزرێنرێت. یەکێکە لە براندە لوکسەکان، ئەکسەسوار و پێلاو و جانتا و بەرهەمی جوانکاری بەرهەم دەهێنێت.
ژان پۆول گۆتییە (Jean Paul Gaultier) : مارکەیەکی لوکسی فاشیۆنی جل و بەرگ و بۆنە لە ساڵی ١٩٨٢ بەرهەم هاتووە لەلایەن ژان پۆول گۆتییە(Jean Paul Gaultier).
دیۆر (Dior) :مارکەیەکی لوکسی بۆن و ئەکسەسوار و کەل و پەلی جیاوازە، لە ساڵی ١٩٤٦ لەلایەن مارسێل بووساک (Marcel Boussac) و کریستیان دیۆر(Christian Dior) دامەزراوە. 

خواردن و خواردنەوە، گاسترۆنۆمی (gastronomie)
ژەمە خواردن و خواردنەوە لە فەرەنسا لە سێ بەش پێک دێت : دەستپێک(entrée)، خواردنی سەرەکی(plat)، شیرینی (dessert)، تەنانەت لە خواردەمەنیە خێراکانیش ئەگەر خواردنی تەواو، مینیو(menu)، داوا بکرێت ئەوا ئەو سێ بەشە دەبێت هەلببژێردرێت. 
ئەو بەرهەمانەی بەشێکن لە گاسترۆنۆمی فەرەنسی :
شەراب : فەرەنسا نزیکەی سێ هەزار و دوو سەد و چل (٣٢٤٠) جۆری جیاواز شەراب دروست دەکات.
پەنیر : نزیکەی سێ سەد (٣٠٠) جۆری جیاوازی پەنیر دروست دەکات، لە شیری مانگا، مەڕ، بزن و گامێش
باگێت (Baguette)، کولێرەیەکی تا رادەیەک درێژە تیرەکەی چوار بۆ شەش سانتیمەتر و درێژییەکەی نزیکەی شەست بۆ شەست و پێنج سانتیمەتر دەبێت، نزیکەی (٢٥٠گم) دوو سەد و پەنجا گرامە، فەرەنسیەکان ساڵانە نزیکەی دە ملیار باگێت دەخۆن.
کرواسان (Croissant) : لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە وەک بەشێک لە نانی بەیانی دەخورێت.
پۆت ئوو فوو(pot-au-feu) : خواردنی نێو گۆزەیە لە ئاگردا، گۆشتی چێل و سەوزەی جیاوازی تێدایە، چێشتێکی ترادیشنەڵی فەرەنسی یە
بوییابێس (Bouillabaisse) : شلەی ماسی ڕۆش و پەتاتە و سەمونی کرۆتۆن، سۆسی (rouille)

هێما نەتەوەییەکانی فەرەنسا :
ئاڵای سێ ڕەنگەی شین- سپی- سور، سەرچاوەکەی دەگەرێتەوە بۆ شۆڕشی فەڕەنسی ١٧٨٩
سرودی نیشتیمانی بە ناوی لا ماخسەیێز (la Marseillaise)، کە لەلایەن غۆژێ دو لیسل (Claude Joseph Rouget de Lisle) نوسراوە لە ساڵی ١٧٩٢.
دەستەواژەی ئازادی – یەکسانی – برایەتی، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی بوون لە ١٧٨٩ دا.  
پۆرترەیتی لا ماریان (La Marianne) کە بە بەرجەستەکەری کۆماری فەڕەنسا هەژمار دەکرێت بە خۆی و کڵاوی فغێژیان (bonnet phrygien) ەکەیەوە لە شێوەی پەیکەر وێنا دەکرێت و لە نێو پولی پۆستە و نوسراوە فەرمیەکان وەک لۆگۆیەک دادەنرێت. 
ئاهەنگی نیشتیمانی ١٤ی تەمموز، بە یاسا کراوە لە ساڵی ١٨٨٠ ەوە، ئاماژەیە بۆ بەرواری گرنگی مێژووی لە فەرەنسا : گرتنی بەندینخانەی باستی(Bastille) لە ١٤ی تەمموزی ١٧٨٩، ئاهەنگی فێدڕاسیۆن لە ١٤ی تەمموزی ١٧٩٠. 
کەڵەشێری گۆلوا، لە زمانی لاتینیدا گاالووس(gallus) بە مانای کەڵەشێر و گۆلوا دێت، لە دەرەوەی فەرەنسا بۆ ناوهێنانی فەرەنسا بەکارهاتووە، لە سەدەکانی پێنجی پێش زایین هەتاوەکو سەدەی پێنجی زاینی، ئەو نەتەوەو دانیشتوانەی ئێستای فەرەنسا و بەلجیکا و سویسڕا و بەشێکی ئەڵمانیاش بە خەڵکی گۆلوا ناوهێنراون. لە ئێستای فەرەنسادا، کەڵەشێری گۆلوا بووەتە هێمای وەرزشی فەرەنسا. 

هاوبەشکردن لەسەر :

© سەرجەمی مافەکان پارێزراوە - نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا - 2022' سایتی ئاگاداری یاسایی لەلایەن گروپی ئاڤێستاوە دروستکراوە